موقاوەمەی عێراقی هۆشداریی دەداتە ئەمریکا
موقاوەمەی عێراقی لە راگەیەنراوێکد هۆشداریی دەداتە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر باشووری بەیرووت، باجەکەی بە لێدان لە باڵیۆزخانەکان لە عێراق و وڵاتانی کەنداو و کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا دەدەنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، موقاوەمەی عێراقی، لە راگەیەنراوێکدا، هەڵوێستێکی نوێی سەربازی و سیاسیی راگەیاند و تیایدا ئاسایشی ناوچەکەی بەستەوە بە یەک هاوکێشەی گشتگیرەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ساڵانی رابردوو سەلماندوویانە کە ناوچەکە بە تەواوەتی وابەستەی یەک هاوکێشەیە؛ یا ئاسایش بۆ هەمووان، یاخود ئاسایش بۆ هیچ کەس."
موقاوەمەی عێراقی روونی کردووەتەوە کە "ئاسایش و سەقامگیریی باشووری بەیرووت و دانیشتووانەکەی، بەشێکی دانەبڕاوە لە هاوکێشەی ئاسایشی هەرێمی و، لێکەوتەکانی کاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە هەستیارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت."
لە راگەیەنراوەکەدا، موقاوەمەی عێراقی هۆشداری داوە و دەڵێت: "دەستدرێژیکردنە سەر باشووری بەیرووت کە پڕە لە هاووڵاتیانی مەدەنی، بە دڵنیاییەوە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی باڵیۆزخانەی وڵاتانی دەستدرێژیکاری بەدوادا دێت، جا لە عێراق بن یان لە بەحرەین، کوەیت و لوبنان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، هەڕەشە لە کەرتی وزە کراوە و هاتووە: "ئەم دەستدرێژییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی دەبێت."
راگەیەنراوەکە بە دەستەواژەی "ئەوەی هۆشداریی دابێت، ئۆباڵی لە ئەستۆ نامێنێت" (وقد أَعذر مَن أَنذر) کۆتایی پێ هاتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکان لە ئەگەری روودانی هێرشدا.