بەغدا شەوێکی ئاڵۆزی ئەمنی بە رێ کرد

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند: چەندین درۆن و مووشەک بە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی ڤیکتۆریای نێو فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵدرابوون، سەرجەمیان لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تێکشکێنران.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد، هێزە بەرگرییەکان توانیویانە هەوڵێکی نوێ بۆ بەئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا" لە نێو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پووچەڵ بکەنەوە، کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئاراستە کرابوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا "سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بنکەی ڤیکتۆریا، توانیویەتی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەکەدا بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان."

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەمان سەرچاوە رۆژی هەینی وردەکاریی هێرشێکی تری بۆ سەر بنکەکە خستبووە روو و ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بنکەکە رووبەڕووی چەند هێرشێک بووەتەوە؛ جگە لەو دوو درۆنەی خراونەتە خوارەوە، دەوروبەری بنکەی ڤیکتۆریا بە دوو موشەکیش کراوەتە ئامانج.

ئێستا هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری شوێنی رووداوەکەیان گەمارۆ داوە و ئۆپراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو سەکۆیانە دەستپێکردووە کە موشەکەکانیان لێوە ئاراستە کراوە.