کۆشکی سپی دەنگۆیەک رەت دەکاتەوە
کۆشکی سپی بە توندی ئەو دەنگۆ و راپۆرتانە رەت دەکاتەوە کە باس لە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینیی ئەمریکا دەکەن بۆ ناو خاکی ئێران.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی (NBC News) رایگەیاند: "ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی دەکەن بۆ ئێران، لەسەر بنەمای گریمانەی لاواز و بێ بنەما بنیات نراون."
لیڤیت جەختیشی کردەوە، "ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ دزەپێکردنی زانیاری سەبارەت بە دەستێوەردانی زەمینی لە ئێران دەکەن، ئەندامی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی نین" و ئاگاداری ستراتیژییەکانی ئێستای واشنتن نین.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یان ڕاگەیاندبوو، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیرۆکەی ناردنی هێزی زەمینیی لەگەڵ یاریدەدەران و بەرپرسانی کۆماری لە دەرەوەی کۆشکی سپی تاوتوێ کردووە.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.