پیت هێگسێت: هاوکارییەکانی رووسیا بۆ ئێران نابێتە رێگر و هەر هەڕەشەیەک بە توندی وەڵام دەدەینەوە

(وێنە؛ ئەرشیف، سەربازانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی کوەیت)
(وێنە؛ ئەرشیف، سەربازانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی کوەیت)

وەزیری جەنگی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانیان بە توندی وەڵام دەدرێتەوە، و گوتەبێژی کۆشکی سپیش دەڵێت: "ئامانجەکانمان لەناو دەبەین."

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا بایەخی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەی کەمکردەوە ، باس لە هاوکارییەکانی رووسیا بۆ ئێران دەکەن. بەگوێرەی راپۆرتەکان، مۆسکۆ زانیاریی وردی لەسەر جووڵە و شوێنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە تاران.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی (CBS) کە بڕیارە سبەی یەکشەممە پەخش بکرێت، هێگسێت سەبارەت بەو زانیارییانە گوتی: "ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەممان؛ ئەگەر پێویست بکات، مامەڵەی لەگەڵ دەکەین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن چاودێری هەموو وردەکارییەکان دەکات و دڵنیایی دا کە گەلی ئەمریکا بزانن هەر هەڕەشەیەک، چ ئاشکرا بێت یان شاراوە، "رووبەرووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند؛ پێدانی زانیاری لەلایەن رووسیاوە بە ئێران هیچ جیاوازییەک لە پلانە سەربازییەکانی ئەمریکا دروست ناکات. لیڤیت بە زمانی هەڕەشەوە گوتی: "ئێمە ئامانجە سەربازییەکان لەناودەبەین و بەردەوام دەبین تا بەدەستهێنانی تەواوی ئامانجەکانمان."

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری سێ بەرپرسی باڵای هەواڵگرییەوە ئاشکرای کردووە، رووسیا شوێنی وردی سەربازییەکانی ئەمریکای وەک کەشتییە جەنگییەکان و درۆن بۆ ئێران دەستنیشان کردووە. ئەم هەنگاوەی رووسیا وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ تێوەگلانی ناڕاستەوخۆی مۆسکۆ لە ململانێکانی ناوچەکە دەبینرێت، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ئێران لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا.

هەرچەندە باس لە هاوکارییەکانی رووسیا دەکرێت، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی پێکدادانەکان، توانای سوپای وڵاتەکەیان بۆ دیاریکردنی شوێنی هێزەکانی ئەمریکا کەمبووەتەوە. تا ئێستاش رادەی کاریگەریی راستەوخۆی ئەو زانیارییانەی رووسیا لەسەر زەوی بە روونی دیار نییە.