ئەمڕۆ ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانییە
لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە 7ـی ئاداری 1991، جەماوەری شاری سلێمانی دژی رژێمی پێشووی بەعس راپەڕین و لە ماوەیەکی کورتدا توانیان دام و دەزگاکانی رژێمەکە لە سل؛ێمانی کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەژمار دەکرێت.
ئەم ڕۆژە، هەر لە بەیانییەکی زووەوە هاووڵاتییان و جەماوەری شارەکە دەستەدەستە کۆبوونەوە و نەخشەیان بۆ هێرشبردنە سەر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی رژێم داڕشت، تا نیوەڕۆی هەمان رۆژ، بەشێکی زۆری ئەو دەزگایانە کەوتنە دەست جەماوەر.
هەرچەندە سەرلەئێوارەی ئەو رۆژە چەند هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی سوپای عێراق هەوڵی نزیکبوونەوەیان لە ئاسمانی شارەکە دا، بەڵام بەهۆی بەرگریی توندی پێشمەرگە و هاووڵاتییانەوە ناچار بە پاشەکشە کران، بەم شێوەیە تا کاتی ئێوارە بەشی زۆری شاری سلێمانی لە هێزەکانی بەعس پاککرایەوە.
تاکە پێگەیەک کە لەو رۆژەدا بە دەست هێزەکانی ڕژێمەوە مابێتەوە، "ئەمنە سوورەکە" بوو، بەڵام لە رۆژی دواتردا لە 8ـی ئاداردا، هێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەر لە هێرشێکی خێرادا ئەو شوێنەشیان کۆنترۆڵ کرد و کۆتاییان بە ژیانی ئەو بەرپرسانەی رژێم هێنا کە لەوێدا خۆیان حەشار دابوو، دواتر باڵەخانەی ئەمنە سوورەکە بووە هێمایەک بۆ پیشاندانی تاوانەکانی رژێمی پێشوو دەرهەق بە گەلی کورد.
ئەم رووداوە نەک تەنیا کۆتایی بە دەیان ساڵ لە سەرکوتکردن هێنا، بەڵکو بووە هێمایەکی دیار بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی، کە تێیدا تەواوی هێزە سیاسییەکان و جەماوەر پێکەوە بەشدارییان لە دروستکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات و ئازادیدا کرد.