کۆمکاری عەرەبی بە ئۆنڵاین هێرشەکانی ئێران تاوتوێ دەکات
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی هێرشەکانی ئێران ئەنجام دەدەن.
لە کاتێکدا شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ دەنێتە هەفتەی دووەمییەوە، بە گوتەی حوسام زەکی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە، 08ـی ئاداری 2026، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی "دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی" ئەنجام بدەن.
حوسام زەکی روونی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوە دەچێت و لەسەر داوای چەند وڵاتێکی عەرەبی رێکخراوە، لەوانەش کوێت، سعوودییە، قەتەر، عومان، ئوردن و میسر.
شەڕەکە بەیانیی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانیدا تاران-یان کردە ئامانج و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ دەیان سەرکردە و فەرماندەی باڵای سەربازیی دیکەیان کوشت.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەوە بە بەردەوامی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی دوورمەوداوە، ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق بۆمباران دەکات.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و دەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلیش کوژراو و برینداربوون. هەر لەبەر هەمان هۆکار، ئەمریکا ژمارەیەک لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە داخستووە و بەردەوامە لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی بۆ شوێنی ئارام.
جگە لە سوپای پاسداران، گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێرانیش بەشداریی شەڕەکەیان کردووە. لە عێراق و لوبنان، حزبوڵڵا و ژمارەیەک گرووپی دیکە رۆژانە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.