مانگی سووری ئێران: نزیکەی 7 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی مەدەنی كراونەتە ئامانج
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، مانگی سووری ئێرا رایگەیاند؛ زیاتر لە شەش هەزار و 600 یەكەی نیشتەجێبوونی مەدەنی كراونەتە ئامانج.
مانگی سووری ئێران راشیگەیاند؛ پێنج هەزار و 535 یەكەی نیشتەجێبوون و هەزار و 41 یەكەی بازرگانی و 14 دەرمانخانە و 65 قوتابخانە و 15 شوێنی پەیوەست بە مانگی سوور كراونەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند: "تا ئێستا لانیکەم هەزار و 332 هاووڵاتی مەدەنی ئێرانی لە ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کوژراون و هەزارانی دیکەش برینداربوون."
ئیروانی لە درێژەی گوتەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر واشنتن و تەلئەڤیڤ و تۆمەتباری کردن بەوەی "بە ئەنقەست" ژێرخانی مەدەنی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
باڵیۆزەکەی ئێران جەختی کردەوە، هێزەکانی وڵاتەکەی تەنیا شوێنە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج و هەوڵیانداوە زیان بە خەڵکی مەدەنی نەگات، بە پێچەوانەی هێرشەکانی لایەنی بەرامبەر.
لەلایەکی دیکەوە، هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم تۆمەتانەی ئێرانیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە؛ هێرشەکانی ئەوان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان و بەرگریی بووە لە خۆیان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، کاتژمێر 9:00 بەیانی، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.