4 بەڵگەی ئیفلاسی تاكتیكی ئاربێلوا لەگەڵ ریال مەدرید

ڤینسیۆس جۆنیۆر و ئالڤارۆ ئاربێلوا
ڤینسیۆس جۆنیۆر و ئالڤارۆ ئاربێلوا

ڕیال مەدرید لە دوایین یاریی لە لالیگا بردنەوەیەکی سەختی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بەدەستهێنا و بەشێوەیەكی كاتی جیاوازییەکەی بۆ تەنیا یەک خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ كەمكردەوە، بەڵام ئاستی ریال مەدرید چەندان نیشانەی پرسیاری لەسەر ئاربێلوا دروست كرد.
لە گەڕی 27ـەمی لالیگا، ریال مەدرید لە رێگەی ڤاڵڤێردی لە خولەكی 95 لە دژی سێلتا ڤیگۆ گۆڵی سەركەوتنی تۆمار كرد، ئەم ئەنجامەش بەم سیناریۆیە كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

ئەلڤارۆ ئاربێلۆ لەوەتەی لە شوێنی چابی ئالۆنسۆ ئەركی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی وەرگرتووە نەیتوانیوە شێوازی یاریکردنی یانەكە بگۆڕێت یان باشتر بکات، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە ئاربێلوا لەڕووی تاكتیكییەوە لە قەیرانێكی قووڵ و ئیفلاسی دایە. تەنانەت لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید هەمووان متمانەیان بەرامبەر ئاربێلوا لەدەستداوە و پێیانوایە ئەو راهێنەرە لە ڕووی قسەكردن و پلان و مامەڵەكردن هێشتا پێنەگەیشتووە.
لە یارییەكەی ریال مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، چوار ئاماژە بۆ ئیسفلاسی ئاربێلوا لەڕووی تاكتیكییەوە دەركەوت.


نەبوونی یاری تاکتیکی
ڕیاڵ مەدرید بە درێژایی یارییەکە نەیتوانی هیچ هێرشێکی یەکگرتوو ڕێکبخات، هەردوو گۆڵەکەی لە هەوڵی تاکەکەسیەوە بوو، گۆڵی یەکەم لە رێگەی تۆپێكی جێگیر بوو، گۆڵی دووەمیش بەهۆی هەڵەی بەرگریكاری سێلتا ڤیگۆ بوو. لەو یارییەدا تیپەکەی ئاربێلۆا هیچ پلانێكی تاکتیکی ڕوونیان نیشان نەدا، تەنانەت نەیاندەتوانی هیچ دەرفەتێكی گۆڵكردن دروست بكەن.

بێتوانایی لە بنیاتنانی هێرش و دروستكردنی دەرفەتی گۆڵ
سەرەڕای ئەوەی ڕیال مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ چوار یاریزانی ناوەڕاستی خستە نێو یاریگا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەكە لە پشتەوە کێشەی زۆری هەبوو خەریك بوو بەهۆی ئەم گۆڕانكارییانە تیپەكە باجێكی قورس بدات، تەنانەت ریال مەدرید نەیتوانی لە پشتەوە هیچ هێرشێكی رێكخراو بۆ سەر تیپی بەرامبەر بنیات بنێت.


پشت بەستن بە توانای تاکەکەسی
ڕیال مەدرید بەردەوامە لە پشت بەستن بە توانای تاكەكەسی یاریزانەكان و هەڵەی ركابەرەكانی، ئەمەش لە گۆڵی یەکەمدا دیار بوو، کە لە ئەنجامی جوڵەیەکی تاکەکەسی و کاریگەر کە تێیدا ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و ئاردا گولەر و چۆامینی بەشدارییان تێدا کرد، گۆڵی دووەمیش لە رێگەی لێدانێكی ڤاڵڤێردی كە تێیدا بەرگریكارێكی سێلتا ڤیگۆ هاوكار بوو بۆ ئەوەی ریال مەدرید گۆڵی بردنەوە بكات.


خوێندنەوەی خراپی تیپی بەرامبەر
ئاربێلۆا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لەسەر کورسی یەدەگ بێدەسەڵات دەرکەوت، نەیتوانی خۆی لەگەڵ ڕەوتی یارییەکەدا بگونجێنێت، سەرەڕای هەڕەشەی هێرشبەرانی سێلتاڤیگۆ، تەنانەت ئەو گۆڕانکاریانەی کە کردوویەتی هیچ کاریگەرییەکی دیاریان نەبووە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت ئاربێلوا لەڕووی خوێندنەوەی تیپی بەرامبەر و گۆڕینی ڕەوتی یاری، هیچ ئەزموون و پلانێكی تاكتیكی وردی نییە.