قەرارگەی خاتم ئەنبیای ئێران: هەر کەشتییەک هێرش بکات دەیکەینە ئامانج

گوتەبێژی قەرارگەی خاتم ئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، رەنگە بە کەشتی و یەختەوە بە تەمای هاتنە ناوەوە بن، بەڵام بەرەو قووڵایی کەنداوی فارس دەچن.

شەممە 7ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگەی خاتەم ئەنبیای ئێران، رایگەیاند، بە ئاشکرا دەڵێین ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیمان پێکاوە و لەناومان بردوون.

سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ، ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا هیچ دەستدرێژییەکی بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەروەری وڵاتانی دراوسێ نەبووە و هەمیشە بە پیرۆزی زانیون.

بەڵام هۆشداریشی دا، "هەر شوێنێک ببێتە سەرچاوە و خاڵی دەستپێکی هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان، دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆ ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بێ دەنگ نابن".

لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی کردەوە، ئەو وڵاتانەی کە ئاسمان و ئاسانکارییان بۆ دوژمن دابین نەکردووە، تا ئێستا نەبوونەتە ئامانج و لەمەودواش نابنە ئامانج.