خامەنەئی: ئێستا مووشەكەكانمان دەتوانن فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بخەنە خوارەوە
"مووشەكەكانمان بنكەی عەین ئەسەدیان بۆردومان كرد، ئێستا دوژمن ئەو ھێزەمان زۆر بەھەند وەردەگرێت"
K24 – ھەولێر:
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامەنەئی رایگەیاند، مووشەكەكانی وڵاتەكەی ئێستا لە توانایاندا ھەیە فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بخەنە خوارەوە؛ ئەگەر سنووری خۆیان بەزاند.
خامەنەئی گوتی: "مووشەكەكانمان بنكەی عەین ئەسەدیان بۆردومان كرد، ئێستا دوژمن ئەو ھێزەمان زۆر بەھەند وەردەگرێت". دووبارە جەختیشیكردەوە لەوەی "ئێران دەست ناخاتە ناو كاروباری دەوڵەتانی ناوچەكە، نە لە عێراق و نە لە لوبنان و نە لە سووریا".
بڕیاری پەرلەمانی ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20%ی بە "بڕیارێكی راست و لۆجیكی" دانا، گوتیشی: "ئێران ئەو كات پاشەكشە لە كەمكردنەوە پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەكات، كاتێك لایەنی بەرامبەر پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكرد.. سیاسەتی ئێمە پابەندبوون بەرامبەر بە پابەندبوونە".
گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێی قەرەبووی زیانەكانمان دەكەین لە ئەنجامی سزاكان لە قۆناغەكانی دواتردا، لە حاڵەتی نەمانی سزاكان و گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێككەوتنەكە"، جەختیشیكردەوە لەوەی، "لەسەر ئەمەریكا و دەوڵەتانی رۆژئاوا پێویستە پێش ئەوەی فەرمان بدەن، ئابلوقە ناڕەوایەی ئابووری لەسەر ئێران لابدەن".
سەرچاوە: RT