رۆیتەرز: دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل 150 دیپلۆماتکاری ئێرانی لوبنانیان جێهێشتووە

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لوبنان بە ئاژانسی "رویتەرز"ی راگەیاندووە، زیاتر لە 150 هاووڵاتی ئێرانی کە لە نێوانیاندا دیپلۆماتکار و خێزانەکانیان هەن، خاکی لوبنانیان جێهێشتووە.

شەممە 7ـی ئاداری 2026، ئاژانست رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لوبنان ئاشکرایکردووە، ئەو کۆمەڵە ئێرانییە بە فڕۆکەیەکی رووسی بۆ وڵاتی رووسیا گواستراونەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، دوێنێ هەینی 20 ئێرانی دیکە لوبنانیان جێهێشتووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر و لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی نوێنەرانی حکوومەتی ئێران لە لوبنان کردبوو و داوای لێکردبوون دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن، پێش ئەوەی بکرێنە ئامانج.

ئەم هەنگاوەی ئێران بۆ کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و هاووڵاتییەکانی، وەک ئاماژەیەک بۆ جیدی وەرگرتنی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.