کەرکووک.. شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە" نمایشکرا

گرووپی شانۆی هەوار، شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکان"، کە لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە کەرکووک لە سەنتەری رۆشنبیری نمایشکرا.

یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو شانۆگەرییە لە فەزایکی ئازاددا بەرهەممان هێناوە، کارەکە بە زمانی عەرەبییە و بانگهێشتکراوە بۆ وڵاتەکانی ئوردن و تونس، دواتر لە شارەکانی کوردستان نمایشی دەکەین، هەروەها لەچەند شوێنێکی تریش بانگهێشتکراوە وەکو مەغریب و میسر، ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لەچەند وڵاتێک ئەو شانۆگەرییە نمایش بکەین."

نەژاد نەجم گوتیشی، "شانۆگەرییەکە باس لەودیو دەرگاکان دەکات کە چی دەگوزەرێت، باس لە بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات، که چەندین کاری نەشیاو و توندووتیژی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبێتەوە، واتە باس لە هەموو بابەتە نائەخلاقییەکان دەکات، ئەو کارە دەرچوونە لە توونڕەوی ئینسان، کە کۆمەڵگە چی بەسەر ئینسانێکی پاک و بێگەرددا دەهێنێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تووندوتیژ، بەڵام  ئینسان بە پاکی لەدایک دەبێت، ناچار بەکاری تووندوتیژی دەکرێت و دەبێتە کەسێکی ناتەندرووست لە کۆمەڵگەدا."

شایەنی باسە، شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە"، کە  لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە و لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، هەریەکە لە سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.