سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: جەنگ لەگەڵ ئێران کاتێکی زۆری دەوێت

ئەیال زامیر، جەختی کردەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران رەنگە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، ئەیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "هێزەکانی ئیسرائیل خۆیان بۆ چەندین سیناریۆی جیاواز ئامادە دەکەن"، هەروەها گوتیشی: "رووبەڕووبوونەوەی ئێستا رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بخایەنێت و داهاتوومان دیاری دەکات، ئەمەش پێویستی بە ئامادەکاری سەربازی و ستراتیژی لەسەر ئاستە جیاوازەکان هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "هێزە ئێرانییەکانمان لە بەیروت پێکاوە و هیچ شوێنێک بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ئارام نییە و باجێکی قورس دەدەن".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە توندی زیادی کردووە، دوای زنجیرەیەک هێرشی بەرامبەر لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات ئیسرائیل تاران تۆمەتبار دەکات بە پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، کە لە سەرووی هەموویانەوە حیزبوڵڵای لوبنانە.