مەسعود پزیشکیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ ئەنجامدا

سەرۆک کۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکدا سەرۆکی ئازەربایجان، سەرەخۆشی لە پزیشکیان کرد. 

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکەدا، پزیشکیان سوپاسی ئیلهام عەلیێڤی کرد بۆ سەردانەکەی بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ بە مەبەستی دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی، هەروەها پزیشکیان سوپاسی نیازی ئازەربایجانی کرد بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ وڵاتەکەی.

سەبارەت بە گرژییەکانی سەر سنوور، مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، رووداوی کردنە ئامانجی هەرێمی ناخچیڤان هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە و جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە ئەنجام دەدرێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئیلهام عەلیێڤ جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران دووپاتکردەوە، هەروەها سەرۆکی ئازەربایجان جەختی لە گرنگی و پێویستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی هەرێمی ناخچیڤان کردەوە.