نەوزاد هادی: بەشێک لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە نەینەواوە ئاراستە دەکرێن
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی لە نەینەوا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێک لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە نەینەواوە ئاراستە دەکرێن و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە سوپا ناوچە گومانلێکراوەکان کۆنترۆڵ بکات.
نەوزاد هادی ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەشێک لەو هێرشانەی ئارستەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێن لە نەینەواوە هێرشەکان دەکرێن، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دا بۆ ئەوەی رێگری لەو هێرشانە بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە کۆنترۆڵیان لەسەر نییە، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک سەرۆکی هێزە چەکدارەکان دەیەوێت رێگری لەو گرووپە چەکدارەنە بکرێت، کە دەرچوو لە یاسان.
نەوزاد هادی گوتیشی: پەرلەمانی عێراقیش بڕیاری داوە بەدواداچوون بۆ ئەو گرووپانە بکات، چونکە دەیانەوێت عێراق پەلکێشی ئەو جەنگە بکەن و هەرێمی کوردستان دەکەن ئامانج، هەرێمی کوردستان و هەولێر بەشێک نین لەو شەڕە.