جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەکات

عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری باڵای ئێران پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە رێبەرایەتیکردنی لە ئەرکەکەی.

فەیحان لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، رایگەیاندووە: لەکاتێکدا پیرۆزبایی ئەم رووداوە لە سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەکەین، کە وێستگەیەکی گرنگە لە کاروانی سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا و گوزارشت لە ئیرادەی دامەزراوە دەستوورییەکان و داخوازییەکانی گەلەکەی دەکات بۆ بەردەوامیدان بە کاروانی دەوڵەت."

هەروەها جەختی لە هاوسۆزی تەواوی خۆی کردەوە بۆ گەلی ئێران لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییە رووبەڕووی دەبێتەوە کە پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتییەکانی هەڵبگرێت و هەنگاوی جدی بنێت بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژییە و ڕێگریکردن لە لێکەوتەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، موجتەبا خامنەیی بە رێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی هەڵبژارد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، بە گوێرەی مادەی 111ی دەستوور، ئەنجوومەنێکی کاتی بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئێران و پڕکردنەوەی بۆشایی بەرزترین پۆستی وڵاتەکە پێکهێنرا.