زیاتر لە 2 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شەقڵاوە دابەشکرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، لە میانی رێوەڕسمێکدا کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 35 ساڵەی راپەڕینی جەماوەریی خەڵکی قەزای شەقڵاوە، پرۆسەی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە بەڕێوەچوو. لە رێوەڕسمەکەدا هەریەک لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ئامادەبوون و دوایین ئامارەکانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خستەڕوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی خۆشدا 2585 پارچە زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی شایستەی سنووری شەقڵاوە دابەش دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە پاداشتێکە بۆ ماندووبوون و خۆڕاگری فەرمانبەران.

وەزیری شارەوانی سەبارەت بە کۆی پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد، "تاکو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، زیاتر لە 32000 پارچە زەوی دابەشکراوە کە ناوچەکانی (بنەسڵاوە، بەحرکە، دارەتوو، دارەشەکران، رزگاری، سێبیران، شەمامک، قوشتەپە، کەسنەزان، کەورگۆسک، مەخموور، دیبەگە، قەراج و کانی قرژاڵە) دەگرێتەوە."

ساسان عەونی جەختی لەوەش کردەوە، تیمەکانی شارەوانی و نەخشەدانان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئیفرازکردن و تەرقیمکردنی زەوییەکان لەو شوێنانەی کە هێشتا ماون، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە خێرایی تەواو بێت، هەروەها دووپاتیکردەوە کە بڕیاری پێدانی زەوی پاش ساڵانێکی زۆر لە وەستانی، بڕیاری راستەوخۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بووە و تا ئێستاش قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە.