ئەمریکا کونسوڵخانەی ئەدەنە چۆڵ دەکات و هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتییانی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوێترین هۆشداریی گەشتکردنی بۆ تورکیا بڵاو کردەوە و تێیدا بڕیاریدا کارمەندەکانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بکێشێنێتەوە و داوا لە هاووڵاتیانیشی دەکات بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئەو ناوچانە نەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لە 9ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندە حکومییە نائاساییەکانی ئەمریکا و خێزانەکانیان کردووە کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە شاری ئەدەنە جێبهێڵن. هەروەها کونسوڵخانەکە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی راگرتووە. رێکخراوەکە بە توندی داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکات کە ئێستا لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیان، دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن.

هۆشدارییەکە بۆ ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا خراوەتە "ئاستی 4" واتە گەشت مەکە. راپۆرتەکە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ململانێ چەکدارییەکانی وڵاتانی دراوسێ. لە دەقەکەدا هاتووە: دوای دەستپێکردنی گرژی و ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتی 2026، مەترسیی هێرشی مووشەکیی ئێرانی هەیە. لە 4ی ئاداردا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ مووشەکێکی بالیستیکی ئێرانی تێکشکاندووە کە ئاراستەی ئاسمانی تورکیا کرابوو.

لە ناوچەکەدا کە پارێزگاکانی وەک ئەدەنە، ئامەد، دیلۆک، مێردین، وان، شرناخ، هەکاری و چەندین پارێزگای دیکە دەگرێتەوە، مەترسییەکی زۆری سەرهەڵدانی هەستی دژە-رۆژئاوا، بەتایبەتی دژە-ئەمریکا و دژە-ئیسرائیل هەیە.

سەبارەت بە دۆخی گشتیی تورکیا، ئەمریکا هۆشداری دەدات کە گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوامن لە پیلانداڕشتن بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە گەشتیارییەکان. رەنگە تیرۆریستان بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە هێرش بکەنە سەر وێستگەکانی گواستنەوە، بازاڕەکان، مۆڵەکان، فڕۆکەخانەکان و باڵەخانە حکومییەکان لە سەرانسەری تورکیادا.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا باس لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ررادەربڕین کراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە حکوومەتی تورکیا پشت بە بەڵگەی زۆر کەم دەبەستێت بۆ دەستگیرکردنی خەڵک لە نێویاندا هاووڵاتییانی ئەمریکی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

هەروەها ئاگاداری هاووڵاتییانی دەکاتەوە کە رەخنەگرتن لە حکوومەت، تەنانەت ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بێت، یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، دەبێتە هۆی دەستگیرکردن یان سەپاندنی سزای قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە تورکیا.

وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بۆ مامەڵە و خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان، لە جیاتی ئەدەنە، سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە یان کونسوڵخانەی گشتی لە ئیستەنبوڵ بکەن.