سوودانی پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی لە موجتەبا عەلی خامنەیی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک رێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران و متمانەی تەواوی خۆی بە توانای دەسەڵاتی نوێی تاران بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە دەربڕی.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئازاری 2026، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دیاریکردنی رێبەری نوێی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا، سوودانی ئاماژەی داوە، "پیرۆزبایی ئاراستەی موجتەبا عەلی خامنەیی دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە ڕووداوەکانی پێشووتر کرد و گوتی: لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی و سەرجەم گەلی ئێرانیی دەکەین، هاوکات گوزارشت لە متمانەی تەواوی خۆمان دەکەین بە توانای سەرکردایەتییە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە هەستیارە.

هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی یەکڕیزیی گەلی ئێران کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا رووبەڕوویان بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوکەدا کە تایبەتە بە هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتی عێراق بەرانبەر بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، محەممەد شیاع سوودانی دووپاتی کردەوە: جارێکی دیکە جەخت لە هاوسۆزیی عێراق و وەستانی لە تەنیشت کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەینەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دا لە بەردەوامیی جەنگ و رایگەیاند، عێراق پشتیوانی لە هەموو ئەو هەنگاوانە دەکات کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە ململانێکان، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر سەروەریی ئێران ڕەت دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە سەقامگیری بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بپارێزێت و سەلامەتیی گەلە دۆستەکانی مسۆگەر بکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی کاتی شارەزایان رایگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە سێیەم رێبەری باڵای ئێران هەڵبژێردرا و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کرد بەیعەت بە ڕێبەری نوێ بدەن.