ئەکسیۆس: ئەمریکا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران رابگرێت

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ یەکەمین جار لەپاش دەستپێکردنی جەنگ، داوای لە ئیسرائیل کردووە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی وزە و نەوتی ئێران رابگرێت، ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هێشتنەوەی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە بۆ قۆناغی دوای رووخانی رژێمەکەی.

سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کردووە کە چیتر هێرش نەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزە لە ئێران، بەتایبەتی ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە.

ئاماژەشی داوە، ئەم داواکارییەی ئەمریکا بە یەکەمین هەنگاوی ئیدارەی ترەمپ دادەنرێت بۆ کۆتوبەندخستنە سەر ئیسرائیل، لەو کاتەوەی کە هەردوو وڵات پێش 10 رۆژ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژی ئێران دەستپێکردووە.

پێشتر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکان، ئاسمانی تارانی پایتەختی کە 10 ملیۆن کەس تێیدا دەژی بە دووکەڵێکی رەشی ژەهراوی و بارانی ترش داپۆشیبوو، ئەمەش هۆشداریی تەندروستیی خێرای بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران لێ کەوتەوە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، پەیامەکانی ئەمریکا لە ئاستێکی باڵای سیاسیدا گەیەندراونەتە ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ سێ هۆکاری بۆ ئەم داواکارییە خستووەتەڕوو، ئەوانیش ئەم جۆرە هێرشانە زیان بە گشتیی گەلی ئێران دەگەیەنن، کە بەشێکی زۆریان دژی دەسەڵاتەکەن؛ هاوکات ترەمپ ئامانجییەتی بۆ قۆناغی دوای جەنگ، مامەڵە لەگەڵ کەرتی نەوتی ئێراندا بکات، هاوشێوەی ئەو ستراتیژییەی کە لەگەڵ ڤێنیزوێلادا پەیڕەوی کرد؛ هەروەها ئەم هێرشانە رەنگە ببنە هۆی ئەوەی ئێران پەرچەکردارێکی گەورە و وێرانکەر دژی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو ئەنجام بدات.

لە سەرەتای شەڕەکەدا، ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە لە کەنداو، بەڵام نەبووە هۆی زیانێکی گەورە و هەتاهەتایی. ترسی ئێستای ئەمریکا لەوەدایە کە خولێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر نەوتی ئێران، هاوکێشەکە بگۆڕێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە جیهاندا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، ترەمپ لێدانی دامەزراوەکانی وزە و نەوتی ئێران وەک بژاردەیەکی وێرانکەر دەبینێت؛ بژاردەیەک کە دەبێت وەک دواکارت بهێڵرێتەوە تەنیا بۆ ئەو کاتەی کە ئێران بە ئەنقەست دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو.

دۆناڵد ترەمپ ئەم هەڵوێستەی بە ئاشکرا گەیاند، کاتێک رۆژی دووشەممە هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران زیان بە دابینکردنی نەوتی جیهانی بگەیەنێت، ئەوا 20 هێندە قورستر لێی دەدرێت.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: ئەمریکا ئەو ئامانجانە لە ناو دەبات کە بە ئاسانی وێران دەکرێن، بە جۆرێک کە مەحاڵ بێت جارێکی دیکە ئێران وەک نەتەوەیەک بنیات بنرێتەوە. هاوکات بە گوتەی سەرچاوەکان، ترەمپ بەم قسانە ئاماژەی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سیناتۆر لیندزی گراهام، کە یەکێکە لە دیارترین لایەنگرانی جەنگەکە لە پارتی کۆمارییەکان، رەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی گرت.

گراهام لە ئێکس نووسیویەتی: تکایە وریا بن لە دیاریکردنی ئامانجەکانتان. ئامانجی ئێمە ئازادکردنی گەلی ئێرانە بە شێوەیەک کە دەرفەتی دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ و باشتر لەناونەبات کاتێک ئەم رژێمە دەڕووخێت. ئابووریی نەوتی ئێران بۆ ئەم هەوڵە زۆر پێویست و بنەڕەتی دەبێت."

هەروەها ئەمڕۆ سێشەممە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی بێبەری کرد و بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەمریکا هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ ئامانجێکی لەو جۆرە.