عێراقچی: خەڵکی ئەمریکا باجی هەڵەکانی ئیسرائیل دەدەن

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو دەنگۆیانەی بە "درۆی شاخدار" وەسف کرد کە باس لە بوونی پلانی پێشوەختەی ئێران دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل ئەندازیاری ئەم سەرکێشییە سەربازییانەیە.

درەنگانی ئەمشەو سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لە هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمیی (ئێکس)، پەیامێکی سەبارەت بە دەنگۆی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە.

عێراقچی دەڵێت: "ئەو بانگەشەیەی کە گوایە ئێران پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر ئەمریکا یان هێزەکانی ئەمریکا، چ وەک هێرشی خۆپارێزی و چ وەک هێرشی پێشوەختە، تەنیا درۆیەیەکی شاخدارە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامانجی پشت بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییانەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "تاکە مەبەست لەم درۆیە، هێنانەوەی پاساوە بۆ ئۆپەراسیۆنی 'هەڵەی گەورە' (Epic Mistake)".

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە رۆڵی تەلئەڤیڤ لە تێوەگلانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە؛ "سەرکێشییەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە داڕێژراوە، بەڵام باجەکەی لەلایەن خەڵکی ئاسایی ئەمریکاوە دەدرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.