هۆشدارییەک لە ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێرەوە

ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاند، بڕی 10 هەزار دینار لە بەرانبەر  200 کاتژمێر کارەبا بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا و بۆ ماوەی 20 رۆژ تاکو 1ـی نیسانی 2026، لەلایەن خاوەن مۆلیدەکان لە هاوڵاتییان وەربگیرێت لەسنووری پارێزگای هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بڵاویکردەوە، لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناهەموار و نەخوازراوەی لە دوای وەستانی بەرهەمهێنانی وێستگەی غازی کۆرمۆر دووچاری هاتووین، بەهۆیەوە گرفتی کەمی کارەبای نیشتیمانی لێکەوتۆتەوە، بۆ جاری دووەمین دوای کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن لەسەر راسپاردەی ناوبراو بڕیاردرا، بڕی 10 هەزار دینار لە بەرانبەر 200 کاتژمێر کارەبا بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا و بۆ ماوەی 20 ڕۆژ  تاکو 2026.4.1، لەلایەن خاوەن مولیدەکان لە هاوڵاتییان وەربگیرێت لەسنووری پارێزگای هەولێر.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هەر خاوەن مولیدەیەک دەبێت 200 کاتژمێر کارەبا لەو ماوەیەدا بدات، لە ئەگەری چاککبوونەوەی دۆخی کارەبای نیشتیمانی لەوماوەیەدا، کارکردنی مۆلیدەکان رادەگیرێت و خاوەن مۆلیدەکان ئەو کاتژمێرانەی کە ماوە دەبێتە قەرز لەسەریان و بۆ جاری دیکە لە بەرانبەریدا دەبێت کارەبا بدەنەوە بە هاووڵاتیان لە بڕی ئەو پارەیەی وەرگیراوە.

ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەندنەبێت بەو بڕیارە لێ پرسینەوە لەگەڵ دەکرێت.