سیناتۆرێکی ئەمریکی پلانی جەنگی ترەمپ دژی ئێران ئاشکرا دەکات

کریستوفر مێرفی، سیناتۆری دیاری پارتی دیموکراتەکان، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی پلانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران لادا و پلانەکەی بە "ناتەواو" وەسف کرد.

مێرفی دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی داخراو و نهێنی، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر سەبارەت بە ململانێکان بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "هەموو کۆبوونەوەکان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوەن، چونکە ترەمپ ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرگریی لەم جەنگە بکات."

ئەو سیناتۆرە سەرسوڕمانی خۆی لە یەکێک لە بڕگەکانی پلانەکە دەربڕی و گوتی: "رەنگە گرنگترین خاڵ ئەوە بێت، ئامانجەکانی جەنگەکە، لەناوبردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران لەخۆناگرێت." ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ لە لێدوانە گشتییەکانیدا هەمیشە وەک ئامانجێکی سەرەکی باسی دەکات. مێرفی هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە هێرشە ئاسمانییەکان توانای لەناوبردنی تەواوەتی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان نییە.

بەگویرەی گوتەکانی مێرفی، ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردووەتەوە گۆڕینی ڕژێم لە کارنامەی جەنگەکەدا نییە. مێرفی رەخنەی توند دەگرێت و دەڵێت: "سەدان ملیار دۆلاری باجدەران خەرج دەکرێت و ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان دەکوژرێن، کەچی لە کۆتاییدا رژێمێکی توندڕەوتر و دژە ئەمریکیتر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە."

سەبارەت بە ئامانجە مەیدانییەکان، مێرفی ئاشکرای کرد، پلانەکە تەنیا لەسەر لەناوبردنی کارگەکانی موشەک، بەلەم و درۆن چڕبووەتەوە. بەڵام کاتێک لە بەرپرسانی سەربازی پرسیوە "چی روودەدات کاتێک بۆردومانەکان رادەگرن و ئێران دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە؟"، وەڵامەکە تەنیا "بۆردومانی زیاتر" بووە، مێرفی بە "جەنگێکی هەرگیز کۆتایی نەهاتوو" ناوی برد.

لە کۆتایی ئاشکراکردنەکانیدا، سیناتۆرە دیموکراتەکە ئاماژەی بە کێشەیەکی ستراتیژی کرد و گوتی: "بەرپرسان هیچ پلانێکی روونیان بۆ گەرووی هورمز نییە. ناتوانم بچمە ناو وردەکارییەکان، بەڵام ئەوەندە دەڵێم؛ ئێستا نازانن چۆن بە سەلامەتی گەرووەکە بکەنەوە ئەگەر دابخرێت." مێرفی ئەم کورتیهێنانەی بە کارەساتێکی لێخۆشبوون نەکراو وەسف کرد، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەم کێشەیە 100% پێشبینیکراو بووە.