ئەردۆغان: بەهۆی لێکدانەوەی هەڵەوە بۆنی خوێن و بارووت ناوچەکەی تەنیوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بەهۆی لێکدانەوەی هەڵە و هاندانی تاقمێکی خوێنرێژ، ناوچەکە دووبارە بە بۆنی خوێن و بارووت داپۆشرایەوە و سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ هێزێکی ناوخۆیی و دەرەکی زیان بە ئیرادەی وڵاتەکەیان بگەیەنێت.

 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، گوتارێکی پێشکەش کرد و سڵاوی بۆ 11,550,000 ئەندامی پارتەکەی لە 81 پارێزگای تورکیا نارد و پەیامی یەکڕیزیی دووپات کردەوە.

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە "دژایەتی بەها باوەڕییەکانی گەل و بنەماکانی دەوڵەت دەکەن" و داوای لێکردن جارێکی دیکە سروودی نیشتمانی بخوێننەوە بۆ ئەوەی تێبگەن تورکیا لەسەر چ بنەمایەک دامەزراوە. گوتیشی: "ئێمە هەرگیز پشت لە رەسەنایەتی و باوانمان ناکەین و رێگە نادەین هیچ هێزێکی ناوخۆیی یان دەرەکی زیان بە ئیرادەمان بگەیەنێت."

"ناوچەکە بە بۆنی خوێن و بارووت داپۆشرایەوە"

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەردۆغان هۆشداریی دا لە بەردەوامیی قەیرانەکان و رایگەیاند، شەڕی دژ بە ئێران کە بە هاندانی ئیسرائیل دەستیپێکردووە، زیانی گەورەی بە ناوچەکە و ئابووریی جیهان گەیاندووە.

ئەردۆغان روونی کردەوە: "لە کاتێکدا ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ هەبوو، بەڵام بەهۆی هەژمارکردن و لێکدانەوەی هەڵە و بێگومان بەهۆی هاندانی تاقمێکی خوێنرێژ، ناوچەکەمان دووبارە بە بۆنی خوێن و بارووت داپۆشرایەوە."

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەردەوامیی گوتارەکەیدا ئامارێکی ترسناکی لەبارەی جەنگی ئێران خستە روو و رایگەیاند؛ "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشەکاندا، بەداخەوە 175 کچە قوتابی لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی کوژران. تا ئێستا ژمارەی قوربانییان لە ئێران گەیشتووەتە 2,000 کەس و چەندین بەرپرسی باڵا و رێبەری ئایینییش تیرۆر کراون."

"ئێمە وڵاتێک نین پشت لە دۆستەکانمان بکەین"

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە بەرانبەر قەیرانەکانی دەوروبەری بێدەنگ نابێت و گوتی: "ئێمە وڵاتێک نین لە کاتی تەنگانەدا پشت لە دۆست و برایەکانمان بکەین. بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، لەگەڵ ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەندیداین و تا ئێستا زیاتر لە 20 پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەو بارەیەوە ئەنجام داوە."

سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریی دا لەوەی کە هەوڵ دەدرێت جەنگی مەزهەبی لە ناوچەکەدا دروست بکرێت و رایگەیاند؛ "بۆ ئێمە جیاوازی لە نێوان کورد، تورک، عەرەب، شیعە و سوننەدا نییە، تەنیا مرۆڤ بوون گرنگە. ئێمە تەنیا یەک ئایینمان هەیە ئەویش ئیسلامە. هەروەک چۆن لە سووریا، عێراق، سۆماڵ و ئۆکرانیا لەبەرەی ستەملێکراوان بووین، لە ئێران و لوبنانیش هەروا دەبین."

"هەر کەسێک دەست بۆ تورکیا درێژ بکات، دەستی دەسووتێت"

ئەردۆغان وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە لە میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە هێرش دەکەنە سەر تورکیا و گوتی: "ئێمە ئامانجی ئەو کەمپەینە چەواشەکارانە دەزانین کە لۆبییەکانی دژە تورکیا بەڕێوەی دەبەن. تورکیا وڵاتێکی ئاسایی نییە؛ هەرکەسێک بیەوێت شکۆی ئەم گەلە بشکێنێت، وەک چۆن لە 15ی تەممووزدا بینیمان، تێکدەشکێنرێت. ئەمڕۆ تورکیا بە پڕۆژەی (تورکیای بێ تیرۆر) و پیشەسازیی بەرگری، زۆر لە دوێنێ بەهێزترە. هەر کەسێک دەست بۆ تورکیا درێژ بکات، دەستی دەسووتێت."

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، تورکیا بەدوای جەنگ و کێشەدا ناگەڕێت، بەڵکو دەیەوێت ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی بەدی بێت، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک چاوی بڕیبێتە سەر سەروەریی خاکی تورکیا، ئەوا وەڵامی توندیان دەبێت. هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی شێوازی جەنگ کرد و رایگەیاند، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە جەنگەکاندا، مەترسییەکی نوێیە و پێویستی بە وریایی هەیە.