تایمز ئۆف ئیسرائیل: ئەگەری رێککەوتنی واشنتن و تاران 85%ـە

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئێران لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر زۆر نزیک بوونەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئامادەکارییەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو و ئەگەری سەرکەوتنی ئەم هەوڵە بە 85% دەخەمڵێندرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو رەشنووسی رێککەوتنەکە، تاران پابەند دەبێت بە رادەستکردنی تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی. پرۆسەکە بەو شێوەیە دەبێت کە سەرەتا ئەو ماددانە لە ناوخۆی ئێراندا تێکدەشکێنرێن و دواتر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

ئەم رێککەوتنە تەنیا رەهەندی ئەتۆمی نییە، بەڵکو دۆسیەی لوبنان، وڵاتانی کەنداو و ئاسایشی ئیسرائیلیش دەگرێتەوە. لە مەرجە سەرەکییەکاندا هاتووە؛ دەبێت مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی پارێزراو بێت، ئەگەر بێت و ئێران مەرجەکانی رێککەوتنەکە پێشێل بکات.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی، گەیشتن بە دەقی کۆتایی رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هاوکات وڵاتی سویسرا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ میواندارییکردنی مەراسمی واژۆکردنی ئەو یاداشتی لێکگەیشتنە.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ چەند هێرشێکی سەربازیی پلان بۆ داڕێژراوی دژی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار. بەڵام ترەمپ داوای کردووە تاران داوای لێبوردن بکات لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە لە میدیا فەرمییەکانیانەوە کە گوتبوویان سزاکان دەستبەجێ لادەبرێن، لە کاتێکدا واشنتن جەخت دەکاتەوە، لادانی سزاکان قۆناخ بە قۆناخ و پەیوەست دەبێت بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی تاران.

سەرچاوە ئەمریکییەکە ئاشکرای کردووە، واشنتن لە رێگەی ئەم رێککەوتنەوە پێنج ئامانجی سەرەکی دەپێکێت: دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانیی جیهانیدا، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە رێگەی دانوستانی تەکنیکی 60 رۆژە، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنرا و ناچارکردنی ئێران بە بڕینی هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئەو گرووپانەی توندوتیژی لە ناوچەکە دەچێنن هەروەها سەپاندنی توندترین سیستمی پشکنین بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا.

هەرچەندە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەتا بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە سەرسام بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینن کە دوای بینینی مەرجە توندەکانی سەر ئێران، تەلئەڤیڤ پشتیوانی لەم رێککەوتنە بکات.