رۆیتەرز: هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی بازرگانی نەوتەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە 2.5 بۆ 3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، عێراق لەگەڵ کوەیت و ئیمارات، پەنایان بۆ رێگەی بەدیل بردووە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتەکەیان تاوەکو پڕۆسەی هەناردەکردن بە تەواوی نەوەستێت، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا بڕی نەوتی هەناردەکراو زۆر کەمترە لە ئاستە ئاساییەکەی پێشوو.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە زیانەکان گەورەن، بەڵام کەمترن لەو خەمڵاندنە سەرەتاییانەی کە باس لە لەدەستدانی 12 بۆ 15 ملیۆن بەرمیل دەکران، لە ئێستا پێشبینی دەکرێت کۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو لە بازاڕەکانی جیهاندا 5 بۆ 6 ملیۆن بەرمیل بێت لە رۆژێکدا.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامیی ئەم دۆخە و کەمبوونەوەی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر، بە تایبەت عێراق، بووەتە هۆی خاڵیبوونەوەی کۆگاکانی نەوت لە جیهاندا، ئەمەش مەترسییەکی جددی دروست دەکات کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بن، نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوە بکەن.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، تاران گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، ئەمەش شۆکێکی گەورەی بۆ بازاڕەکانی وزە دروست کردووە. نرخی نەوت و گاز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.