یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر 19 بەرپرس و دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنێت

یەکێتیی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ئێراندا پەسەند کرد. ئەم سزایانە 19 بەرپرس و دامەزراوەی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاریی ناوخۆییەوە.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، "یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە لە لێپرسینەوە لە ئێران."

کایا کالاس ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێیان بەسەر ئێراندا پەسەند کردووە. سزاکان ئەو بەرپرس و لایەنانە دەگرنەوە هۆکاری پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤن لەو وڵاتەدا.

بەرپرسە باڵاکەی ئەوروپا جەختی لەوەش کردەوە، "هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی ئێران، یەکێتیی ئەوروپا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەش دەکات بەرپرسیاری سەرەکیی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانن."

بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم سزایانە لە "رۆژنامەی فەرمیی یەکێتیی ئەوروپا" بڵاو بکرێنەوە، سزاکانیش بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی ئەندام.

 کایا کالاس پەیامێکی روونی ئاراستەی تاران کرد و گوتی، "ئەمە پەیامێکیشە بۆ تاران بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتووی ئێران ناتوانرێت لەسەر بنەمای سەرکوتکردن بونیاد بنرێت."

ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا نوێترین کاردانەوەی ئەو یەکێتییەیە بەرانبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی تاران بەمەبەستی رێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی.

پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام رووی لە گرژیی زیاتر کردووە. لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022ـی ئێران، یەکێتیی ئەوروپا چەندین پاکێجی سزای بەسەر بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی زۆر بەرانبەر خۆپیشاندەران.

لەلایەکی دیکەوە، پرسە ئەمنییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئەوروپا هەبووە. ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوام نیگەرانیی خۆیان نیشان داوە لەبارەی ناردنی درۆن و مووشەک لەلایەن تارانەوە بۆ رووسیا بۆ بەکارهێنانیان لە جەنگی ئۆکراینادا. ئەمەش وای کردووە وڵاتانی رۆژئاوا هەڵوێستی توندتر بەرانبەر حکوومەتی ئێران بگرنە بەر.

لە کۆبوونەوەکانی پێشووی "ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا"، بەرپرسانی ئەوروپی بەردەوام هۆشدارییان داوەتە ئێران لەبارەی دۆخی ناوخۆیی و دەستوەردانە هەرێمییەکان. ئەم راگەیەنراو و هەنگاوانەی یەکێتیی ئەوروپا تەنیا بۆ سزادانی تاکەکەسی نین، بەڵکوو پەیامێکی دیپلۆماتیکیشە بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا و ناچارکردنی ئەو وڵاتە بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.