سێنتکۆم: 5 هەزار و 500 ئامانجمان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد کە توانای هێزەکانی ئێران لە پاشەکشەیەکی قووڵدایە و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە. هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" (Epic Wrath) زیاتر لە 5 هەزار و 500 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە و کۆتاییان بە یەکێک لە مەترسیدارترین پۆلەکانی کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئێران هێناوە، هاوکات باڵادەستیی تەواوی ئاسمانییان بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامار و پێشهاتە مەیدانییەکانی جەنگی دژی ئێرانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە وەشاندنی گورزی وێرانکەر لە ڕژێمی ئێران. وەک پێشتریش گوتوومە و شایەنی دووپاتکردنەوەیە؛ هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە زیادبووندایە و هێزی شەڕکەری ئێران لە پاشەکشەدایە.
کوپەر ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا بە بەکارهێنانی چەکی زیرەک و زۆر ورد، زیاتر لە 5 هەزار و 500 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، کە 60 کەشتیی دەریاییش لەخۆ دەگرێت.
سەبارەت بە چڕیی هێرشەکان، فەرماندەکەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی هەموو کاتژمێرێک جارێک هێرشیان لە ئاراستە و شوێنی جیاوازەوە بۆ سەر ناوخۆی ئێران ئەنجام داوە. لەو چوارچێوەیەدا گوتی: دوێنێ کۆتا 4 کەشتیی جەنگیی جۆری (سولەیمانی)مان لەناو برد، ئەمەش بەو واتایە دێت کە تەواوی ئەم پۆلە لە کەشتیگەلی ئێرانی بە یەکجاری خاپوور کراون و لە گۆڕەپانی جەنگ چوونەتە دەرەوە.
فەرماندەی سێنتکۆم سەرنجی خستە سەر ستراتیژیەتی هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" و ڕوونیکردەوە کە ئامانجیان تەنیا بەرگریکردن نییە لە مەترسییەکانی ئێران، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی تواناکانیان و بەئامانجگرتنی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران دەکەن، تا مەترسییەکانی داهاتووش لە ڕەگەوە هەڵکێشن. بۆ ئەم مەبەستەش، شەوی ڕابردوو فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی مووشەکی بالیستییان بە تەواوی وێران کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کوپەر ڕەخنەی توندی لە تاکتیکی شەڕکردنی ئێران گرت و ڕایگەیاند: هێزەکانی ئێران لە کاتی هێرشکردندا لە ناو شارە قەرەباڵغەکاندا و لە پشت دانیشتووانە مەدەنییەکەیانەوە خۆیان حەشار دەدەن، لە کاتێکدا بە ئەنقەست خەڵکی بێتاوان و مەدەنی لە وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج." لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە هەر لە دوای تێپەڕبوونی 24 کاتژمێری یەکەمی کەمپەینەکەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو کەمیان کردووە.
براد کوپەر گوتی: پێوەرم بۆ دۆخەکە ئەوەیە کە ئێمە کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانمان بە ڕووبەرێکی زۆر فراوان کردووە و خاوەنی باشترین و یەکگرتووترین چەتری بەرگریی ئاسمانیین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەرکی سەرەکییان کۆتاییهێنانە بە تواناکانی ئێران بۆ نمایشکردنی هێز و هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی بازرگانی و هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز و ئاوە نێودەوڵەتییەکان.