پۆلیسی لەندەن رێگریی لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی فەڵەستین دەکات
حکوومەتی بەریتانیا رێگری لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی فەڵەستین لە لەندەن کرد و پۆلیس رێکخەرانی چالاکییەکە بە لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنێت؛ ئەمەش یەکەمین جارە لە ساڵی 2012ـەوە رێگری لە چالاکییەکی لەو شێوەیە لە لەندەن بکرێت.
حکوومەتی بەریتانیا رێگریی لە گردبوونەوەیەک کرد کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە لەندەن وەک هاوسۆزییەک بۆ فەڵەستینییەکان بەڕێوەبچێت. پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاندووە، ترسیان لە دروستبوونی پێکدادان و توندوتیژی هەیە، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت لە بەرانبەردا خۆپیشاندانی دیکە ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن.
شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا روونی کردەوە کە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە تەنیا رێگەیان پێ دەدرێت لە شوێنێکی دیاریکراو و جێگیردا کۆببنەوە، ئەویش بە "مەرجی زۆر توند". وەزیری ناوخۆ بڕیارەکەی بە پێویست زانی و گوتی: "من دڵنیام ئەم قەدەخەکردنە بۆ رێگری لە تێکچوونی باری تەناهی و ئاسایشی گشتی پێویستە، بەهۆی قەبارەی خۆپیشاندانەکە و بوونی چەندین خۆپیشاندانی دیکە لە دژی."
بڕیار بوو ئەم خۆپیشاندانە لە چوارچێوەی "رۆژی قودس"دا بەڕێوەبچێت. پۆلیسی لەندەن لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە، ئەم گردبوونەوەیە جێگەی مشتومڕە، چونکە لە بنەڕەتدا لایەنگری بۆ ئێران تێدایە و لەلایەن "کۆمیتەی مافی مرۆڤی ئیسلامی" رێکخراوە، کە رێکخراوێکە پشتگیری لە دەسەڵاتی ئێران دەکات. پۆلیس دەڵێت: "ئێمە ئەم بڕیارەمان بە ئاسانی نەداوە، بەڵکو مەترسیی و ئاستەنگییەکی زۆری تێدایە."
لە بەرانبەردا، رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد و بە "بڕیارێکی سیاسی" ناویان برد. ئەوان پۆلیسی بەریتانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی کە "کەوتووەتە ژێر کاریگەری و فشاری ئیسرائیل."