فەرەنسا 60 تۆن هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە لوبنان
سەرۆکی فەرەنسا، داوای بێدەنگکردنی چەک لە لوبنان دەکات و رایدەگەیەنێت کە دەبێت حزبوڵڵا چەک رادەستی دەوڵەت بکات، هاوکات فەرەنسا 60 تۆن هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ ئاوارەکانی لوبنان دەنێرێت و داوای پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل دەکات.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیامێکدا دەربارەی دۆخی لوبنان رایگەیاند، کە رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە واتای پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی دێت.
ماکرۆن نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی بۆ دۆخی سەدانی هەزار ئاوارەی لوبنانی دەربڕی و جەختی کردەوە کە فەرەنسا لە ڕێگەی ناردنی 60 تۆن هاوکاریی مرۆیی بە هاوکاریی دەزگای CMA CGM، پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی لوبنان دووپات دەکاتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سەر زەوی پێشکەش دەکرێن.
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە حیزبوڵڵا کرد کە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت و چەکەکانی رادەستی هێزە چەکدارەکانی لوبنان بکات، هاوکات داوای لە ئیسرائیلیش کرد کە رێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگرێت و دان بەخۆیدا بگرێت.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە هەر دوو گەلی لوبنان و ئیسرائیل مافی یەکسانیان هەیە لە ژیانێکی ئارام و بێوەیدا، هەر ئەمەشە هۆکاری مانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی "یونێفێل" لە ساڵی 1978وە تاوەکوو ئێستا.