پزیشکیان: پابەندین بە پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا و پاکستان، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر ئاشتی ناوچەکە و مەرجەکانی بۆ راگرتنی پێکدادانەکان خستە روو.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە پۆستێکدا لە پالتفۆرمی ( ئێکس ) نوسیویەتی، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی رووسیا و پاکستان ئەنجامداوە، پزیشکیان دەڵێت:'لەو پەیوەندییانەدا، جەختی کردووەتەوە، وڵاتەکەی پابەندە بە پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، جەنگی ئێستا "بەهۆی ئاگرخۆشکردنی ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەستی پێکردووە".

پزیشکیان ئاشکرای کردووە، ئێران سێ مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە دیاری کردووە کە بریتین لە:

1-   داننان بە مافە رەوا و مسۆگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
2-  پێدانی قەرەبووی زیانەکان.
3-  هەبوونی پابەندکردنێکی توندی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستدرێژی نەکرێتەوە سەر خاکەکەی.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گرژییەکی بێوێنەدا تێدەپەڕێت و تاران داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رێگری لە هەر هێرشێکی دووبارە.