باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: هێرش دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانمان و بەپەلە عێراق جێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆی کرد سەبارەت بە ئەگەری هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران و گرووپە نزیکەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزە و ئەو هۆتێلانەی ئەمریکییەکان تێیدا دەمێننەوە، هاوکات بەهۆی داخرانی ئاسمانی وڵاتەکەوە، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە بەپەلە ناوچەکە جێبهێڵن.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێران و ئەو گرووپە چەکدار هاوپەیمانین، پیلان دادەڕێژن بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی نەوت و وزەی ئەمریکا لە عێراق. هۆشدارییەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەم میلیشیایانە پێشتر ئەو هۆتێل و شوێنانەیان کردووەتە ئامانج کە هاووڵاتییانی ئەمریکی و بیانی تێیدا دەمێننەوە

باڵیۆزخانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە لەپێشینەی کارەکانیانە و حکوومەتی ئەمریکاش سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بژاردەی دیکەیە بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانیان بۆ دەرچوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی داوا لە ئەمریکییەکان کراوە کە زۆر وریابن، خۆیان لە دەرکەوتنی ئاشکرا بپارێزن و لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە دەیانکاتە ئامانج، چونکە کۆبوونەوە لەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، ژیانیان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و ئەگەری ڕفاندنیشیان لە ئارادایە.

سەبارەت بە ڕێکارەکانی سەلامەتی و چۆنیەتیی دەربازبوون، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت کە باشترین بژاردە بۆ هاووڵاتییانی، جێهێشتنی خاکی عێراقە لە زووترین کاتدا و هەر کاتێک هەستیان بە سەلامەتی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بۆ ئەو کەسانەش کە بڕیاری مانەوە دەدەن، پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ مانەوە لە ماڵ و شوێنەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و دابینکردنی بڕی پێویست لە کۆگاکردنی خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی تر. هەروەها دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی وەزارەتی دەرەوەوە بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا و سەبارەت بە ڕێگاکانی گەشتکردن و دەرچوون، ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا ئاسمانی عێراق بە تەواوی داخراوە و هیچ گەشتێکی ئاسمانیی بازرگانی ئەنجام نادرێت. لەبری ئەوە، داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە کە بیر لە بەکارهێنانی ڕێگا وشکانییەکان بکەنەوە بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعوودیە و تورکیا. هەرچەندە زۆربەی دەروازە سنوورییەکان کراوەن، بەڵام باڵیۆزخانەکە هۆشداری دەدات کە ڕەنگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابخرێن و گەشتیاران ڕووبەڕووی دواکەوتنی زۆر ببنەوە، هەروەها ڕەنگە ئاسمانی وڵاتانی دراوسێش دابخرێن، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە بڕیار لەسەر سەلامەتیی گەشتەکانیان بدەن.