عێراقچی: هێرش کرایە سەر کۆنترین بانکی ئێران و تۆڵەی دەکەنەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ژێرخانی نیشتمانیی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرش بووەتەوە و یەکێک لە بانکە کۆنەکانی ئێران کراوەتە ئامانج.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ( ئێکس ) رایگەیاند: "ژێرخانی نیشتمانیی ئێران لەژێر هێرشدایە، ئەمجارەیان لقێکی کۆنترین بانکی وڵات تەقێنراوەتەوە لە کاتێکدا پڕ بووە لە فەرمانبەر".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە کرد و گوتی: "ئەو فەرمانبەرانە بە سەختی سەرقاڵی کارکردن بوون بۆ دابینکردنی پێداویستی و خۆراکی هاووڵاتیان پێش هاتنی ساڵی نوێ ( نەورۆز )".
عێراقچی ئەو هێرشەی بە تاوان ناوبرد و بە پەیامێکی توند کۆتایی بە قسەکانی هێناوە و رایگەیاند: "هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان تۆڵەی ئەم تاوانە لە ئەنجامدەرانی دەسێننەوە".
ئەم هێرشە بۆ سەر کەرتی بانکی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی نائارام و پڕ لە گرژیدا تێدەپەڕێت، هاوکات بە هۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەیان ناوەندی تەندروستی و فێرکردن و خزمەتگوزاری کراونەتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە.