ترەمپ: هێزی سەربازیی ئێرانمان بەتەواوی لەناوبردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێران لە لێواری تێکشکانی یەکجاریدایە و هۆشداری دا کە هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن هێرشەکانیان بگەیەننە ئاستێک کە دووبارە بونیادنانەوەی ئەو وڵاتە ببێتە "کارێکی نیمچە مەحاڵ".

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە واشنتن، سەبارەت بە جەنگی دژی ئێران رایگەیاند، "ئێمە سەرکەوتین، لە یەکەمین کاتژمێری شەڕەکەدا هەموو شتێک کۆتایی هات، بەڵام بەردەوام دەبین لە جەنگ تاوەکو ئەرکەکەمان بەتەواوی جێبەجێ دەکەین"، هەروەها ئاشکرای کرد، ئەوان بە تەواوی کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانیان کردووە و تەواوی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە، جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا 58 کەشتیی جەنگیی ئێرانی نوقم کردووە.

ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و گوتی: "ئەوان نزیکبوونەتەوە لە کۆتایی رێگاکە، ئێمە دەتوانین هێرش بکەینە سەر چەندین ناوچە لە تاران و شوێنەکانی دیکە، گەر ئەوەش بکەین، دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیان نیمچە مەحاڵ دەبێت، هەرچەندە ئەمە ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێت"، ترەمپ ئەوەشی روونکردەوە، کە ئەمریکا نایەوێت "هەموو دوو ساڵ جارێک بگەڕێتەوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ".

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و هەواڵگری، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە دۆخێکی زۆر باشدایە و چاودێرییەکی وردی گەرووەکان دەکەن، هەروەها زانیاریی تەواویان لەسەر شوێنی "شانە نووستووەکانی" ئێران هەیە و بەردەوام چاودێرییان دەکەن.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئێران بەشێوەیەکی خێرا و رۆژانە توانای ئاسمانیی خۆی لەدەست دەدات، سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشداوە کە "هێزەکانی ئەمریکا تەنیا لە قۆناخی بەرگریکردندا نین لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک و نەخشەبۆداڕێژراو ئەو هەڕەشانە لەناودەبەن".