سەرایا ئەولیاء دەم بەرپرسیارێتی حەوت هێرشی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند

گرووپی چەکداریی 'سەرایا ئەولیاء دەم'، کە خۆی وەک بەشێک لە هێزەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە 24 کاتژمێری رابردوودا حەوت هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، بڵاوکراوەتەوە، گرووپەکە رایگەیاندووە، چەکدارەکانیان لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا حەوت ئۆپەراسیۆنییان دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ئەنجام داوە.

سەبارەت بە پاساو و هۆکاری هێرشەکان، گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە وەک جێبەجێکردنی "ئەرکێکی شەرعی" بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم زنجیرە هێرشانە، هاوکات وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو کردەوە سەربازییانەی پێشوون کە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە گەنجان و چەکدارانی سەر بە باڵی "مقاوەمە" لە عێراق.