میدیاکانی ئیسرائیل وێنەی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئەتۆمی ئێران لە پارچین بڵاودەکەنەوە

میدیاکانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، کۆمەڵێک وێنەی نوێی مانگی دەستکردیان بڵاوکردەوە، تێیدا شوێنەواری هێرشێکی ورد بۆ سەر کۆمەڵگەی سەربازیی "پارچین" لە ناو خاکی ئێران نیشان دەدرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، پشتبەستوو بە زانیارییەکانی "پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی"، هێرشەکە شوێنێکی هەستیاری بە ناوی تاڵکان-2 (Taleghan-2) پێکاوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکە لە رێگەی سێ بۆمبی جۆری بەنکەر-بستەر (Bunker-buster) ئەنجامدراوە، کە تایبەتن بە تێکشکاندنی قەڵا و بنکە ژێرزەمینییەکان.

پێگەی "تاڵکان-2" وەک یەکێک لە شوێنە گومانلێکراوەکان دەناسرێت کە پەیوەندییان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج؛ پێشتریش لە سەرەتای ساڵی 2024دا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرابووە سەر.

بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە لە کاتێکدایە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر وێنەی دیکەی مانگی دەستکرد ئاشکرایان کردبوو، ئێران خەریکی دروستکردنی قەڵا و بینای نوێی بەرگریی بووە لەو شوێنەدا، بە مەبەستی پاراستنی پێگەکە لە هێرشی سەربازی.

ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە چوارچێوەی گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دێت، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەکخستنی ئەو شوێنە سەربازییانەی کە بە مەترسییان دەزانێت.