ئەنقەرە: بنکەی ئینجیرلیک موڵکی تورکیایە

وەزارەتی بەرگری تورکیا جەخت لەسەر تورکیبوونی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، وەک بەشێک لە بەرگرییەکانی ناتۆ و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە مووشەکییەکانی ئێران، سیستەمی پاتریۆت لە مەڵاتیا و هێزی زیاتری ئاسمانی لە باکووری قوبرس جێگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا لەبارەی دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە رایانگەیاند، بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک لە ئەدەنە بنکەیەکی تەواو تورکییە و خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆماری تورکیا دەگەڕێتەوە. وەزارەتەکە روونیکردەوە کە بوونی سەربازانی ئەمریکا، ئیسپانیا، پۆڵەندا و قەتەر لەو بنکەیەدا تەنیا لە چوارچێوەی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکانە و بە واتای خاوەندارێتی ئەوان نایەت.

هاوکات بەهۆی توندبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەنقەرە رێکاری ئەمنی توندی گرتووەتە بەر. وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی دوو مووشەکی بالیستی لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی ناوچەکە کران و لە لایەن سیستەمەکانی ناتۆوە تێکشکێنران، بڕیار دراوە سیستەمێکی بەرگری پاتریۆت لە شاری مەڵاتیا جێگیر بکرێت. هەروەها هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە لە باکووری قوبرس بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی درۆنی یان مووشەکی زیاد کراون.

لەبارەی بەکارنەهێنانی سیستەمی S-400 لە بەرانبەر مووشەکەکانی ئەم دواییە، وەزارەتی بەرگری روونیکردەوە کە سیستەمی بەرگری تورکیا فرەچینە و بە تۆڕی یەکگرتووی ناتۆوە بەستراوەتەوە، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و لە کەمترین ماوەدا، گونجاوترین و خێراترین ئامراز بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک هەڵدەبژێرێت.

بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک یەکێکە لە گرنگترین بنکە ستراتیژییەکانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا، کە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بووەتە مژاری گفتوگۆی سیاسی نێوان ئەنقەرە و واشنتن. جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت لە مەڵاتیا و بەهێزکردنی بەرگرییەکان لە باکووری قوبرس، نیشانەی نیگەرانییەکانی تورکیایە لە پەرەسەندنی ململانێ مووشەکییەکانی ناوچەکە. تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، هەوڵ دەدات لەرێگەی هاوسەنگییەک لە نێوان سیستەمە بەرگرییەکانی رۆژئاوا و سیستەمی S-400ی رووسی، ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.