وەزارەتی دارایی هۆی خەرجنەکردنی مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لە سلێمانی ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە خەرجنەکردنی مووچەی مانگی شوباتی ژمارەیەک لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کێشەی زۆربەی ئەو خانەنشینانە چارەسەر کراوە و خراونەتە لیستی مووچەی مانگی ئادارەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین لە لیستی مووچەدا، پەیوەستە بە وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانی دەرەوەی وەزارەتی دارایی. سەبارەت بەو 801 خانەنشینە سەربازییەش (کە کەمئەندامی سەنگەرن و پێشتر لەسەر میلاکی هێزەکانی 70 مووچەیان وەرگرتووە) و ناویان لە لیستی مانگی شوباتدا نەبووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی پرۆسەی گواستنەوەی دۆسیەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی، دۆسیەکانیان تەواو نەکراوە و پەسەند نەکراون.
هەروەها روونیکردووەتەوە، کاتێک دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات پێشتر رەوانەی بەغدا کرابوو.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆریان کۆدی کەسیی (UPN)یان نەبووە، یان میراتگر (وارس) بوون و مامەڵەی یاساییان بۆ تەواو نەکراوە. دواتر کێشەی 750 خانەنشین لەو ژمارەیە چارەسەر کراوە و پەسەند کراون، بەمەش بۆ مانگی ئادار ناویان لە سیستەمی پەیڕۆڵدا تۆمارکراوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە. وەزارەتەکە جەختیش دەکاتەوە کە هەر مووچەخۆرێک کۆدی (UPN)ی نەبێت، بەپێی ڕێکارەکانی ئێستا ناتوانرێت بخرێتە سیستەمی پەیڕۆڵی مووچەوە.
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە شایستە داراییەکانی چەند مانگی رابردووی ئەو خانەنشینانە کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی داوە کە وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی داوە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە و دوای پەسەندکردنی بودجە بەسەریەکەوە خەرج دەکرێنەوە، چونکە لە ئێستا بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەوە، مانگانە تەنیا کار بە یاسای یەک لەسەر دوازدەی خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو دەکرێت.