دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران

کەمێک پێش ئێستا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر شاری هەولێر بەڵام هەر لە ئاسمانەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشێندران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12 ئاداری 2026،  بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر شاری هەولێر ، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە هەردوو درۆنەکە تێکشێندراون و خرانە خوارەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەمشەو 17 هێرش کراونەتە سەر پارێزگای هەولێر و سەرجەم پەلامارەکانیش لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە جێبەجێ کراون.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە، توانراوە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە (درۆن) لە ئاسماندا بپێکرێن و بە تەواوی تێکبشکێنرێن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

ئومێد خۆشناو خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە رووداوەکان هیچ جۆرە زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە و سەلامەتیی هاووڵاتییان بە تەواوی پارێزراو بووە، هەرچەندە پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکان یان تەقینەوەکانیانەوە، زیانی ماددی بەر چەند شوێنێک گەیشتووە. 

ئەم پێشهاتە ئەمنییە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر، ماوەیەکە رووبەڕووی چەندین جۆری هێرشی ئاسمانی بووەتەوە، کە هەمیشە لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تێکشکاندنی ئەم ژمارە زۆرەی درۆنەکان لە یەک شەودا، نیشاندەری بەرزبوونەوەی توانای بەرگریی ئاسمانییە لە ناوچەکەدا.