گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا: نەوت و گازی ناوچەکە لە ئاگر هەڵدەکێشین
گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران دەڵێت "بە بچووکترین هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی ئێران، نەوت و گازی ناوچەکە لە ئاگر هەڵدەکێشین".
ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هەڕشەی توندی کرد و گوتی "دەوڵەتی دەستدرێژکار و هەموو هاوپەیمانەکانی ئاگادار دەکەینەوە، کە بچووکترین هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەڵامەکەمان بۆیان وێرانکار دەبێت".
گوتیشی: لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی لەو شێوەیەدا، ژێرخانی نەوت و گازی هەموو ناوچەکە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بەرژەوەندییەکی تایبەتیان تێدا هەیە، گڕی پێبەردەدەین و لەناویان دەبەین".
هەڕەشەکانی گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی مجتەبا خامنەیی رێبەری نوێی ئێران و وەڵامەکەی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ ترەمپ دێت.
لە وەڵامی ئەو قسەی ترەمپ کە هەڕەشەی کرد و گوتی"دەتوانم لە یەک کاتژمێردا کارەبای ئێران بکوژێنمەوە، بەڵام نایکەم"، لاریجانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی " بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو کارە بکەیت، لە ماوەی تەنیا نیو کاتژمێردا تەواوی ناوچەکە تووشی تاریکی دەکەین".
هەروەها لاریجانی نووسیویەتی " تاریک کردنی ناوچەکە بۆ راوکردنی سەربازە هەڵاتووەکانی ئەمریکا، دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت".