ماکرۆن: ئەفسەرێکی فەرەنسی لە هێرشەکەی سەر سنووری هەولێر گیانی لە دەست دا

سەرۆککۆماری فەرەنسا: هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لە عێراق جێگەی قبووڵ نییە

سەرۆککۆماری فەرەنسا، کوژرانی سەرئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەی و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکەی لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر سنووری هەولێر راگەیاند، جەختیشی کردەوە کە ئەو جۆرە هێرشانە جێگەی قبووڵ نین و جەنگی ئێران نابێتە پاساوێک بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانیان.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026،  ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، کوژرانی ئەفسەرێکی باڵای وڵاتەکەی لە میانی هێرشێکدا بۆ سەر سنووری هەولێر راگەیاند.

ماکرۆن لە پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزان و هاوسەنگەرانی ئەو ئەفسەرە کرد و هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانیی نەتەوەی فەرەنسای بۆ دووپات کردنەوە.

ئاشکراشی کرد، کە لە هەمان هێرشدا چەندین سەربازی دیکەی فەرەنسی بریندار بوون و رایگەیاند: "فەرەنسا لە پاڵ سەربازە بریندارەکان و کەسوکاریاندا دەوەستێت."

سەرۆککۆماری فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان، کە لە ساڵی 2015ـەوە بەشدارن لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە، کە ئامادەیی هێزەکانیان لە عێراق تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردایە، و هۆشداریشی دا کە "جەنگی ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت پاساو بێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن)، بۆ سەر بارەگەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری هەولێر، سەربازێکی فەرەنسی گیانی لە دەستدا و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.