ترەمپ: رژێمی ئێرانمان بە تەواوی تێکشکاندووە و هێزی سەربازییان نەماوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی زۆر توند ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیەنێت، هێزی سەربازی و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەیان لەناو بردووە و دەشڵێت: "چاوەڕێ بن بزانن ئەمڕۆ چی بەسەریاندا دێت."

 هەینی 13ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند؛ رژێمی تیرۆریستی ئێران بەتەواوی لە رووی سەربازی، ئابووری و بوارەکانی دیکەوە تێکشکێنراوە. گوتیشی: "هێزی دەریایی ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان کۆتایی هات، مووشەک و درۆن و هەموو تواناکانی دیکەیان لەناوبراون، تەنانەت سەرکردەکانیشیان لەسەر رووی زەوی سڕدراونەتەوە."

ترەمپ لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: "ئێمە هێزێکی ئاگرینی بێ وێنە و تەقەمەنی بێ سنوور و کاتی زۆرمان لەبەردەستە، تەنیا تەماشاکەن بزانن ئەمڕۆ چییان بەسەردا دێت."

سەبارەت بە مێژووی ئەو وڵاتە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە رژێمی ئێران ماوەی 47 ساڵە خەڵکی بێتاوان لە سەرانسەری جیهان دەکوژن، گوتیشی: "ئێستا من وەک 47ەمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەوان دەکوژم و ئەمە بۆ من شانازییەکی گەورەیە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) گرت و گوتی: "ئەگەر رۆژنامەی  نیویۆرک تایمز بخوێننەوە، وا هەست دەکەن ئێمە براوە نین، بەڵام ئەوە هەڵەیە و ئێمە لە بردنەوەیەکی گەورەداین."