سی ئێن ئێن: هێرشەکەی سەر هێڵی نەوتی سعوودیە لە ناو خاکی عێراقەوە کراوە

دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، سیستەمی سەرەکیی بۆریی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو خاکی عێراقەوە کراوەتە ئامانج و چەند وێستگەیەکی پەمپکردنی نەوت زیانیان بەرکەوتووە؛ هێڵێک کە شاڕەگی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی رۆژانەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودیە لە رێگەی دەریای سوورەوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری ئەمریکییەوە، دوێنێ هێرش کراوەتە سەر سیستەمی بۆریی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە، و پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەو وێستگانەی پەمپکردن پێکراون کە دەکەونە تەنیشت بۆرییە سەرەکییەکە.

یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئایا خودی بۆرییەکە زیانی پێگەیشتووە یان چاککردنەوەی چەند کاتی دەوێت.

وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا، ئاگرکەوتنەوە و دووکەڵی چڕی رەشیان لە دوو وێستگەی پەمپکردنی نەوت لە نزیک ناوچەکانی مسباح و زکری لە سعوودیە تۆمار کردووە، هەروەها نۆ ئاگری گەورە لە نزیک هێڵی بۆرییەکە دەستنیشان کراون کە بەشێکیان لە شوێنی سووتاندنی گازی فریاگوزاریدا بوون.

 

ئەم بۆرییە نەوتە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی بۆ سعوودیە پەیدا کرد، بەوپێیەی ریاز رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کە لە کەنداوەوە هەناردە دەکرا ئاراستەکەی گۆڕی بۆ ئەم هێڵە تا لە رێگەی بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور هەناردەی بکات.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم هێرشە نوێیە، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی حووسییەکان بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە سعوودییەکان لە بابولمەندەب، دەبێتە هۆی خستنە مەترسیی تەواوی توانای هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندووە، هەروەها سعوودیە بە فەرمی رێکخراوی ئۆپێکی ئاگادار کردووەتەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە مانگی رابردوودا داڕماوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە دوای ساڵی 1990ـەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆبووەتەوە و هۆشداریی دابووە کۆشکی سپی لەوەی ئێران لەم جەنگەدا پەنا بۆ بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و حووسییەکان دەبات بۆ ئەنجامدانی هێرش.