موشرق فرێجی: پێکهێنانی کابینەکەی زەیدی دەکەوێتە دوای 30ـی ئەیلوول
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، دەنگدان لەسەر کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمان دەکەوێتە دوای 30ی ئەیلوول، هاوکات ئاشکرای کرد، چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران دیاری دەکرێن و لەناو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساشدا کێشە لەسەر کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ دروست بووە.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، موشرق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پێکهێنانی کابینەی حکوومەت تا دوای 30ـی ئەیلوول تەواو نابێت و پەرلەمان تا ئەو وادەیە دەنگ لەسەر کاندیدەکان نادات. ئاماژەی بەوەش کرد سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بڕیارە چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران دابنرێت، و عەلی زەیدی کار بۆ ئەوە دەکات ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر "لەیس خەزعەلی" وەک کاندیدی ئەو پۆستە هەڵبگرێت.
سەبارەت بە دیاریکردنی وەزیرەکان، موشرق فرێجی ئاشکرای کرد، زۆربەی کاندیدەکانی پۆستە وەزارییەکان یەکلا کراونەتەوە، بەڵام لەناو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسادا کێشە لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزیری ناوخۆ لە نێوان قاسم عەتا و یاسر مالیکیدا هەیە؛ لە کاتێکدا نووری مالیکی پێداگری لەسەر قاسم عەتا دەکاتەوە و زۆرینەی لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی لە قاسم عەتا دەکەن.
دەربارەی پرسی چەکی گرووپە چەکدارەکانیش، ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە گوتی: عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران چەندین کۆبوونەوەی لەوبارەیەوە ئەنجام داوە و پێشکەوتن لەو دۆسیەیەدا هاتووەتە ئاراوە.
روونیشی کردەوە، لایەنی ئەمریکی داوای نەکردووە پێش 30ی ئەیلوول چەکەکان کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵکو داوای دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراویان کردووە، هەر بۆیە دوای 30ی ئەیلوول هەنگاوە کردارییەکان بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەست پێدەکەن.