سێنتكۆم كوژرانی چوار سەربازیی ئەمریكی لە عێراق راگەیاند
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) كوژرانی چوار سەربازیی بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئەمریكی لە عێراق راگەیاند.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی 12ی ئاداری 2026، کە بە کاتی واشنتن، بەڵام بە کاتی هەرێمی کوردستان دەکاتە بەرەیانی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەیەکی سووتەمەنیهەڵگر لە جۆری KC-135ی ئەمریکی لە رۆژئاوای عێراق بەهۆی کەوتنەخوارەوەی، لە کۆی شەش ئەندامی دەستەی فڕۆکەکە، چواریان گیانیان لەدەستداوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە تەقەی دوژمنکارانە یان تەقەی دۆستانە نەبووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، دوو فڕۆکەوانەکەی دیکە بێسەروشوێنن، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە هەڵمەتی بەدواداگەڕان و رزگارکردنیان بەردەوامە.