وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24: دەبێت حکوومەتی عێراق میلیشیا تیرۆریستییەکان رابگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات. واشنتن ئاشکرای دەکات کە لەسەر بەرزترین ئاست هۆشدارییان داوەتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی بەپەلە میلیشیاکان هەڵبوەشێنێتەوە و رێگە نەدات خاکی ئەو وڵاتە بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکا بەکاربهێنرێت.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە کوردستان24 راگەیاند، واشنتن بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانە دەکات کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە تارانەوە دەکرێنە سەر ژێرخانی دیپلۆماسی، سەربازی و مەدەنی لە سەرانسەری عێراق و بە دیاریکراویش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 9ـی ئاداری 2026 لە نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا کرد و گوتی: لەم پەیوەندییەدا، روبیۆ نەک تەنیا هێرشە تیرۆریستییەکانی میلیشیاکانی ئێرانی لە عێراقدا رەتکردووەتەوە، بەڵکوو پەیامێکی یەکلاکەرەوەشی ئاراستەی بەغدا کردووە.

بەپێی لێدوانەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا و بەپەلە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو میلیشیا چەکدارانە و راگرتنی یەکجارەکیی هێرشەکانیان.

واشنتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی حکوومەتی عێراقە زەمانەتی ئەوە بکات کە میلیشیاکان ناتوانن چیتر خاکی عێراق وەک پێگەیەک بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تێکدانی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.