ترەمپ: ئەم هەفتەیە گورزی زۆر توند لە ئێران دەوەشێنین
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند و یەکلاکەرەوەی ئاراستەی تاران کرد و هەڕەشەی خاپوورکردنی تەواوەتی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێرانی لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا کرد. هاوکات، پێشبینیی رووخانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیی لەسەر دەستی گەلەکەی دەکات.
هەینی 13ـی ئاداری 2026 لە چاوپێکەوتنە تایبەتەکەیدا لەگەڵ رادیۆی فۆکس نیووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن لە جەنگەکەدا و رایگەیاند کە هێزەکانیان لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکانیان زۆر چڕتر دەکەنەوە.
ترەمپ بە راشکاوی گوتی: واشنتن تاوەکوو ئێستا زۆر بە نەرمی مامەڵەی کردووە، بەڵام بژاردەی سەربازیی زۆر مەترسیدارمان لەبەردەستدایە و دەتوانین شتانێک ئەنجام بدەین کە زۆر خراپ بن؛ توانای ئەوەمان هەیە لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا تەواوی وێستگەکانی کارەبا لەناو ببەین و ژێرخانی ئەو وڵاتە بە جۆرێک تێکبشکێنین کە هەرگیز نەتوانێت وەک نەتەوەیەک خۆی بنیات بنێتەوە.
سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵات لە تاران و رەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ترەمپ متمانەی تەواوی خۆی دەربڕی کە گەلی ئێران لە دوای ئەم گورزە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل رادەپەڕن و رژێمەکەیان دەڕووخێنن، بەڵام پێشبینی کرد ئەم پرۆسەیە کاتی بوێت و ئاماژەی بەوە کرد ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، خەڵک لە شەقامەکاندا دەداتە بەر دەستڕێژی گوللە
راشیگەیاند: "ئەمە بەربەستێکی گەورەیە بۆ گەلێک کە چەکی بەدەستەوە نییە، هەرچەندە رووخانی دەسەڵاتی ئێران شتێکی حەتمییە، بەڵام رەنگە دەستبەجێ نەبێت. لە هەمان چوارچێوەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا بە کورتی گوتی: "پێم وایە ئەو هێشتا زیندووە، بەڵام زیانی پێگەیشتووە و بەرکەوتووە."
لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیکی و تێوەگلانی زلهێزەکانی دیکە، دۆناڵد ترەمپ گومانی خۆی نەشاردەوە لە ڕۆڵی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەم جەنگەدا و گوتی: پێم وایە لەوانەیە پوتن کەمێک هاوکارییان بکات، چونکە ئەویش وا دەبینێت کە ئێمە لە جەنگەکەدا هاوکاریی ئۆکرانیا دەکەین. تەنانەت پێشم وایە چینیش بە هەمان شێوە بیر دەکاتەوە."
کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا ئۆکرانییەکان لە بواری بەرگریی درۆنیدا یارمەتیی ئەمریکا دەدەن؟ ترەمپ بە توندی ڕەتی کردەوە و ڕایگەیاند، ئێمە پێویستمان بە یارمەتیی ئەوان نییە، ئێمە لە هەموو کەس زیاتر دەربارەی درۆن دەزانین و باشترین درۆنی جیهانمان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەردەی لەسەر هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی هەڵماڵی و ئاشکرای کرد کە پێدەچێت زیاتر لە 1,700 شانەی نووستووی سەر بە ئێران لە ئارادا بن کە مەترسی لەسەر ئاسایش دروست بکەن.
سەبارەت بە دۆسیە بەرنامە ئەتۆمیی تارانیش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سەرنجیان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن نییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران، بەڵام نەیشاردەوە کە "رەنگە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا ئەو هەنگاوەش بنێن."
دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی دڵنیایی سەبارەت بە دۆخی ئابووریی جیهان و بازاڕەکان دا و رایگەیاند کە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، ئابووری بە خێراییەکی زۆر دەبووژێتەوە. کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کەی ئەم شەڕە کۆتایی دێت، گوتی: "هەر کاتێک هەستم پێکرد، ئەو کاتە دەزانم کە کۆتایی هاتووە."