ترەمپ: ئەم هەفتەیە گورزی زۆر توند لە ئێران دەوەشێنین

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا هۆشداری دەداتە تاران کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گورزی زۆر قورستریان لێ دەدەن. هاوکات پێشبینی ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران لەسەر دەستی گەلەکەی دەکات.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیووز ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران زۆر چڕتر دەکەنەوە. ترەمپ بە ڕاشکاوی گوتی ئەم هەفتەیە گورزێکی زۆر قورسیان لێ دەدەین و بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دژی ئەو وڵاتە.

سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵات لە تاران، سەرۆکی ئەمریکا متمانەی تەواوی خۆی دەربڕی کە گەلی ئێران لە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕادەپەڕن بۆ گۆڕینی حکومەتەکەیان؛ بەڵام پێشبینی کرد ئەم پرۆسەیە دەستبەجێ ڕوونەدات و لەم بارەیەوە گوتی بەڕاستی پێم وایە ئەمە بەربەستێکی گەورەیە بۆ گەلێک کە چەکی بەدەستەوە نییە، هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمەکە شتێکی حەتمییە و ڕوودەدات، بەڵام لەوانەیە کاتی بوێت و ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکان نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاشکرای کرد کە پێدەچێت زیاتر لە هەزار و 700 شانەی نووستووی سەر بە ئێران بوونیان هەبێت کە جێگەی مەترسین بۆ سەر ئاسایش. سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیش ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەرنجیان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن نییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران، بەڵام نەیشاردەوە کە ڕەنگە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا ئەو هەنگاوەش بنێن.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی ئومێدبەخشی سەبارەت بە دۆخی دارایی و بازاڕەکان دا و دڵنیایی دا کە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، ئابووری بە خێرایی دەبووژێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ گومانی خۆی نیشان دا لەوەی کە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، هاوکاریی ئێران بکات لەو جەنگەی ئێستا دژی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئارادایە و ڕایگەیاند: پێموایە لەوانەیە پوتن کەمێک هاوکارییان بکات، بەڵێ، وای دەبینم؛ گوتی: پوتینیش بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە کە ئێمە هاوکاریی ئۆکرانیا دەکەین، وایە؟"