واشنتن هەناردەی چەک بۆ ئەوروپا رادەگرێت

ئەرشیف
ئەرشیف

رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ئەمریکا بە فەرمی چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی لە ئەوروپا، لەوانە بەریتانیا، پۆڵەندا، لیتوانیا و ئیستۆنیا، ئاگادار کردووەتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت گەیاندنی چەک و پێداویستییە سەربازییە کڕدراوەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ دوا بکەوێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هۆکاری ئەم دواکەوتنانە بۆ کەمبوونەوەی ئاستی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێراندا روویداوە. ئەم هەواڵە تەواکەری راپۆرتێکی مانگی رابردووی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ە، تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو بەرپرسانی ئەمریکی هاوتا ئەوروپییەکانیان لە ئەگەری دواکەوتنی ئەو بارە چەکانە ئاگادار کردووەتەوە کە پێشتر گرێبەستیان لەسەر کراوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر وڵاتانی باڵتیک و وڵاتانی سکاندیناڤیا. ئەم وڵاتانە لە چوارچێوەی "بەرنامەی فرۆشتنی سەربازی دەرەکی"دا چەکیان کڕیوە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و بەکارهێنانی چەک لە بەرە جیاوازەکاندا، بارەکانیان بەدەست نەگەیشتووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی رابردووەوە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە. ئەمەش وایکردووە پیشەسازی بەرگریی ئەمریکا نەتوانێت لە یەک کاتدا وەڵامی هەموو داواکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بداتەوە.

ئەمریکا لە ساڵی 2022ەوە بە بڕی ملیاران دۆلار چەک و تەقەمەنی (وەک تۆپخانە و موشەکی دژە تانک)ی بۆ ئۆکرانیا ناردووە، هەروەها لە کۆتایی 2023شەوە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا چڕکردووەتەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پێنتاگۆن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی ئاداری رابردوو لەگەڵ بەڕێوەبەری 7 کۆمپانیای گەورەی پیشەسازی بەرگریی کۆبووەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی رێگەیەک بوو بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی کە لە هێرشەکانی سەر ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیکەدا بەکارهاتوون.

هەروەها، ترەمپ داوای زیادکردنێکی بێپێشینەی لە بودجەی سەربازی کردووە، کە بڕەکەی 500 ملیار دۆلارە، بەمەش کۆی بودجەی سەربازی ئەمریکا دەگاتە 1.5 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاوێشتە دارایی و سەربازییەکانی شەڕی ئێران.