سوپای پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلی 46ـی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی 46ـەمین شەپۆلی هێرشە نوێیەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل، چەند خولەکێک لەمەوبەر زیاتر لە 10 حەشارگەی فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلیان بە مووشەک پێکاوە.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 4" شەپۆلی 46ی هێرشەکانیان بە دروشمی "یا صاحب الزمان" بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئیسرائیل دەستپێکردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە بۆ یادکردنەوەی هەریەکە لە "غلامعلی ڕەشید" و "محەممەد باقری" ئەنجامدراون و تێیاندا جۆرە جیاوازەکانی مووشەکی قورسی وەک (خوڕەمشار، خەیبەرشکێن، عیماد و قەدر) بەکارهێنراون.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە داوە کە ئێستا دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل دەبیسترێت و دۆخی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان لەناو پەناگەکاندا گەیشتووەتە ئاستێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ.
سوپای پاسداران، رایگەیاند، لەم هێرشەدا مووشەکە بالیستییە قورسەکانی جۆری ( خەیبەر شکێن، عیماد و قەدەر) بەکار هێنراون و ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیل کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشە نوێیەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە شەپۆلی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە چڕی بەردەوامە و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.